١٠ کانونی دووەمی ٢٠٢٤
سەرۆکی کۆریای باکور ڕایگەیاند، وڵاتەکەی تاکلایەنە شەر هەڵناگیرسینێت، بەڵام گەر بێتو کۆریای باشور زاتی ئەوە بکات کە لە دژی وڵاتەکەیان چەک و هێزی سەربازی بەکار بهێنێت، ئەوا بێ دوودڵی ئەو وڵاتە دەسڕنەوە لەسەر نەخشەی جیهان.
بەپێی مێدیای فەرمی کۆریای باکور، دوای ئەوەی کیم جۆنگ ئۆن سەرۆکی کۆریای باکور سەردانی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چەکی کردووە و وتیەتی: "کۆریای باشور دوژمنە سەرەکییەکەی ئێمەیە".
ناوبراو جەختیشی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، دەبێت سوپای وڵاتەکەی لەو پەڕی ئامادە باشیدا بن بۆ هەر ئەگەرێک و وەڵامی هەموو هێرش و پەلامارێک بدەنەوە و وەڵامدانەوە بە چەکی ئەتۆمیش لە پێش هەموو وەڵامە سەربازییەکانی دیکەدا دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی کیم جۆنگ ئۆنی سەرۆکی کۆریای باکوردا هاتووە: "ناوی فەرمی کۆریای باکور "کۆماری دیمۆکراتی گەلی کۆریایە" و تاکلایەنە شەڕ هەڵناگیرسینێت، بەڵام گەر بێتو کۆریای باشور زاتی ئەوە بکات کە لە دژی وڵاتەکەمان چەک و هێزی سەربازی بەکار بهێنێت یان ببێتە مایەی مەترسی بۆسەر سەربەخۆیی و ئاسایشی وڵات، ئەوا بێگومان دوودڵ نابین لە لەناوبردنی ئەو وڵاتە و سڕینەوەی لەسەر نەخشەی جیهان".
لەدوای ئەوەی کە سەرۆکی کۆریا فەرمانی بە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمی و بالیستییەکانی وڵاتەکەی دەرکرد، کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆریای باشور و کۆریای باکور گەیشتووەتە لوتکە و کۆریای باشور و ژاپۆن و ئەمریکا و دەیان وڵاتی دیکە، کۆریای باکور بە یارمەتیدانی ڕوسیا لە ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکەن.