٧ کانونی دووەمی ٢٠٢٤
بەرێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی سۆران رایگەیاند، بەھۆی داڕمانی بەردین لەسەر شاخەوە لە ڕێگای بێخاڵ هەردوو بۆڕی سەرەکی پڕۆژەی ئاوی زارگەلی لە کارکەوت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، تەحسین سەعدوڵا، بەرێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی سۆران رایگەیاند، کاتژمێر 4:00 هەردوو بۆری سەرەکی پڕۆژەی ئاوی زارگەلی بەهۆی دارۆچوونی شاخ لەسەر رێگای بێخاڵ لەکارکەوتوون و بۆرییەکان شکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی شکانی بۆرییەکانەوە ئەمشەو هەریەک لە گەڕەکەکانی کانی و ئازادی و سەرجەم و بەشەکانی باپێشتیان و بەختیاری و گوندەکانی بالەکیان و مەجیداوا و سەرجەم بادلیان و دیلیزیان و شەھیدانی دێڵزیان و شەھیدانی ئازادی بی ئاو دەبن.
باسی لەوەش کرد، بەهۆی سەختی شوێنەکەوە هێشتا مەترسی داروخانی لەسەر ماوە ناتواندرێت ئەمشەو بۆرییەکان چاکبکرێنەوە. دەشڵێت " سبەی سێ تیم دەنێرین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و دەستدەکەینەوە بە دابەشکردنی ئاو بەسەر گەڕەکەکاندا".
ئەوەش لە کاتیکدایە، بەهۆی باران و لافاوەوە چەندین شاخ و پردی رێگا و ماڵ لە گەڕەک و ناوچە جیاوازەکانی هەرێم زەرەر و زیانیان بەرکەوتووە و بەتایبەتیش هاوڵاتیانی ناوچەکانی سنوری دهۆک و هەولێر.