کۆنترین گوندی کشتوکاڵی لە جیهاندا لە سلێمانییە و مەترسیی کۆتاییهاتنی کشتوکاڵی لەسەرە

٧ کانونی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

رێکخراوی ئینتەرنیوزی عێراقی ڕایگەیاند، گوندی دێرینی بێستانسور بە کۆنترین گوندی کشتوکاڵی دادەنرێت لە جیهاندا، لە ئێستادا مەترسی کۆتاییهاتنی کشتوکاڵی لەسەرە.

رێکخراوی ئینتەرنیوزی عێراقی لە ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بە کشتوکاڵکردن لە گوندی بێستانسور بڵاویکردووەتەوە، گوندی دێرینی بێستانسور دەکەوێتە باشوری شارۆچکەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی،تەمەنی بۆ نۆ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و لە داتاکانی شوێنەوار و رێکخراوی یونسکۆ وەك کۆنترین گوندی کشتوکاڵی ناسێندراوە، لە ئێستادا مەترسی کۆتاییهاتنی کشتوکاڵی لەسەرە.

لە بڵاوکراوەکە دانیشتووێکی گوندی بێستانسور، نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت لە کەمبونەوەی ئەو بڕە ئاوەی دەگاتە ناو زەوییەکەی کە کاریگەری خراپی کردوه‌تە سەر چاندنی برنجەکەی، کە دەبێت بەوهۆیەوە چەند کاتژمێرێك چاوەڕێ بکات تا نۆرەی بێت و ئاوی پێبگات، لە کاتێکدا گوندەکەی ئەو خاوەنی پێنج سەرچاوەی ئاوە.

دانیشتووی گەوندەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێشتر 10 دۆنم مەرەزە (برنج)ی دەکرد، کەچی ئێستا بەهۆی کەمی ئاوەوە تەنیا سێ دۆنمی کردوە، لەکاتێکدا بە وتەی بەرپرسێکی کشتوکاڵ بێت “%20ی ئاوی گوندەکە کەمیکردوە".

ڕێکخراوی ئینتەرنیوز ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئەگەر کەمی ئاو بەو شێوەیە بەردەوام بێت جوتیارەکان واز لە چاندنی برنج دێنن، بەوپێیەی پێویستی بە بڕێکی زۆری ئاو هەیە، هاوکات، ئێستا جووتیاران و خەڵکی ناوچەکە شاهیدی بینینی کەمبونەوەی ئاوی سەرچاوەکانی گوندەکەن، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ داتا راگەیەندراوەکانی بەشی کەشوهەوای بەڕێوه‌بەرایەتی کشتوکاڵی شارەزوو دەکات،هاتووە، لە ساڵی 2023 پلەی گەرمی گوندەکە بۆ 30 پلە بەزربوەوە، ئەوە جگە لەوەی ناحیە و کۆمەڵگەکانی دەوروبەری گوندەکە بۆ نزیکەی 40 پلە بەرزبوونەتەوە”.

بەپێی داتاکان، "لە کاتێکدا رێژەی باران بارین لە گوندی بێستانسور لە ناحیەی عەربەت، لە ساڵانی پێش 2007 لە نێوان 800 بۆ 850 یان زیاتر باریوە، بەڵام لە ساڵی 2023 بەکۆی گشتی 605.1 ملیمەتر باران باریوە".

بە وتەی دانیشتوێکی گوندەکە، جاران لە ڕێژەیەکی فراوان، شوتی، تەماتە، خەیار و سەوزەواتێکی زۆر لە دەشتی شارەزوور دەکرا، بەڵام ئێستا زۆر کەمیکردوە تەنیا لە قەراغی گۆمەکان دەکرێ، کە زۆرینەی ئەو زەوییانە بە ئاوی گوندی بێستانسورەوە بەندن”، 

ئاشکراشی دەکات کە "جۆگە نەماوە و زۆربەیان وشك بون، ئەو رێژەی کەمەی جوتیاریش کە ماونەتەوە بە ئاوی قەترە یان سۆندەی بیر، ئاوی زەوییەکانیان دەدەن".

کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و مەترسییە ئەمنییەکانی پەیوەست بەوەوە لە سەرانسەری عێراقدا دەستیان پێکردووە. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، بەرزبوونەوەی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا، وەک بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، وشکەساڵی، بیابانبوون، لافاو، و زریانی خۆڵ و خۆڵ بارین، لێکەوتەی ترسناک و جۆراوجۆری لێکەوتەوە، لەوانە کەمی ئاو، لەدەستدانی بژێوی ئابووری بەتایبەت بۆ ئەوانەی وابەستەی کەرتی کشتوکاڵین.