کەسێک بەهۆی تەقەی خۆشیی سەری ساڵەوە گیانیلەدەستدا

١ کانونی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

لە شەوی سەری ساڵی نوێی زاینیدا، 132 هاوڵاتیی عێراقی بەهۆی تەقەی خۆشی و یارییە ئاگرینەکانەوە برینداربوون و یەکێکیشیان گیانیلەدەستدا.

ئەمڕۆ دووشەممە، سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵیی عێراقی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو، هاوڵاتییەک لە ئەنجامی تەقەی خۆشیی هاتنی ساڵی نوێی زاینی گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی یارییە ئاگرینەکانی شەوی سەری ساڵ 132 هاوڵاتی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

شەوی ڕابردوو، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینی (2024)؛ لە عێراق، هەرێمی کوردستان و زۆرینەی وڵاتانی جیهان، ئاهەنگ و چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون.