وردەکاریی تەواو لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق

١٥ كانونی یەکەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، پێنج هەزار و 904 کاندید لە 38 هاوپەیمانی و 163 پارت و کاندیدی سەربەخۆ پێشڕبکێ لەسەر بەدەستهێنانی 285 کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن کە زۆرترین کورسی لە بەغدایە بە 49 کورسی.

بڕیارە ڕۆژی 18ـی کانوونی یەکەم، پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگای کەرکوکیشەوە بەڕێوەبچێت کە تیایدا پێنج هەزار و 904 کاندید کە چوار هەزار و 242 کاندیدیان لە ڕەگەزی نێر و هەزار و 662 لە ڕەگەزی مێینەن، پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی 285 کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن کە 75 کورسی لەو ژمارەیە تایبەتە بە ئافرەتان و 10 کورسییش بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراوە.

پارت و هاوپەیمانییەکان لەم هەڵبژاردنەدا

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، 38 هاوپەیمانی و 163 پارت و کاندیدی سەربەخۆ، پێشبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 285 کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن و تیایدا 16 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە و 17 ملیۆن کاغەزی دەنگدان چاپکراوە و ڕۆژی 18ـی ئەم مانگەش لە 48 هەزار وێستگە، پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت کە بەسەر حەوت هەزار و 765 بنکە دابەشبووە.

دابەشبوونی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکاندا

لە کۆی 285 کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکان، 75 کورسی بۆ ئافرەتان و 10 کورسییش بۆ پێکهاتەکان دیاریکراوە و ژمارەی کورسیی ئەنجومەنەکەش لە پارێزگاکان بریتین لە 49 کورسی لە پارێزگای بەغدا، 26 کورسی لە پارێزگای نەینەوا، 22 کورسی لە پارێزگای بەسڕە، هەریەک لە پارێزگاکانی بابل و زیقار 18 کورسی، هەروەها 16 کورسی لە پارێزگای ئەنبار، هاوکات 15 کورسی بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی نەجەف، سەڵاحەددین، کەرکوک و دیالە دیاریکراوە، 14 کورسییش بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی واست و قادسیە و 13 کورسییش بۆ پارێزگاکانی کەربەلا و میسان، هەروەها 12 کورسی بۆ پارێزگای موسەننا تەرخانکراوە.

هاوکات لەو 75 کورسییەی بۆ ئافرەتانیش دیاریکراوە، دابەشبووە بەسەر پارێزگاکانی عێراق بە شێوەیەک، 13 کورسی بۆ پارێزگای بەغدا، حەوت کورسی بۆ پارێزگای نەینەوا، شەش کورسی بۆ پارێزگای بەسرە، هەریەک لە پارێزگاکانی زیقار و بابل پێنج کورسی، هەریەک لە پارێزگاکانی ئەنبار، قادسیە، دیالە، نەجەف، سەلاحەددین، کەربەلا، کەرکوک، میسان و واست چوار کورسی، سێ کورسییش بۆ پارێزگای موسەننا.

کورسیی پێکهاتەکان

38 کاندیدی پێکهاتە جیاوازەکانیش لە پڕۆسەکە کێبڕکێ لەسەر 10 کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن، بەجۆرێک 16 کاندید لە پێکھاتەی کریستیان، 13 کاندید لە پێکھاتەی کوردە فەیلییەکان، پێنج کاندید لە پێکهاتەی شەبەک و چوار کەسیش بۆ ئێزدییەکان خۆیان بەربژێرکردووە و ئەوانیش بەمشێوەیە تەرخانکراون:

سێ کورسی لە پارێزگای بەغدا بۆ فەیلی، کریستیان و سابئەی مەندایی.

سێ کورسی لە پارێزگای نەینەوا، بۆ شەبەک، کریستیان و ئێزدی.

یەک کورسی لە پارێزگای کەرکوک بۆ پێکهاتەی کریستیان.

یەک کورسی لە پارێزگای بەسڕە بۆ پێکهاتەی کریستیان.

یەک کورسی لە پارێزگای میسان بۆ سابئیە.

یەک کورسی لە پارێزگای واست بۆ فەیلییەکان.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، زۆرترین ململانێی هەڵبژاردنەکە کەوتووەتە ئەو ناوچانەی کە بە ناوچە جێناکۆکەکان (سنووری ماددەی 140) ناسراوە، ململانێکانیش لە نێوان هەر سێ پێکهاتەی کورد، عەرەب و تورکمانە.

پڕۆسەکە تەنیا لە ناوخۆی عێراق بەڕێوەدەچێت و هاوکات ئەو ئاوارانەش بەشداریی پرۆسەکە دەکەن کە بەهۆی دۆخی سیاسی و ئەمنییەوە لە کەمپەکانی هەرێم نیشتەجێن و تیایدا حەوت بنکەی دەنگدان لەو کەمپانە دادەنرێت.

چاودێر و نوێنەری پارتە سیاسییەکان

بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 87 چاودێری نێودەوڵەتی و زیاتر لە 33 ھەزار چاودێری ناوخۆ، زیاتر لە پێنج ھەزار بریکاری پارتە سیاسییەکان چاودێریی پرۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن.