٥ كانونی یەکەمی ٢٠٢٣
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، کەسێک لە سنووری بەحرکە بە تۆمەتی سەربڕینی سەگ و خواردنی گۆشتەکەی دەستگیرکراوە و تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و وتویەتی گۆشتەکەی بۆ جادووکردن بەکارهێناوە.
ئەمڕۆ سێشەممە پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، کەسێکیان لە سنووری بەحرکەی سەر بە هەولێر بە تۆمەتی سەربڕینی سەگ و بەکارهێنانی گۆشتەکەی بۆ خواردن دەستگیرکردووە.
هاوکات، بەڕێوەبەری بەحرکە رایگەیاند، گۆشتی سەگەکە لە هیچ چێشتخانەیەکدا بەکارنەهێنراوە.
شایەتحاڵەکان لەو بارەیەوە دەڵێن، "گوێمان لە دەنگێکی بەرزی وەڕینی سەگ بووە و دواتر دەنگی نەماوە و دواتر دەستەی بەرانگاربوونەوەی تاوان لێکۆڵینەوەیان لێ ئاگادارکردەوە و دەرکەوت کە ئەو کەسە سەگێکی سەربڕیوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک پێش ئێستا پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە ئێستادا لەناو شێڵتەری سەگی هەولێردا لەلایەن تیمەکانیانەوە چاودێری سێ هەزار سەگ دەکەن و رۆژانە نزیکەی 80 سەگ لەناو شاری هەولێرەوە بۆ شێڵتەری تایبەت دەگوازنەوە.