٢٨ تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ڕایگەیاند، داواکارییان بۆ ناردنى نەوتى سپى بۆ هەرێم ڕەوانەى وەزارەتى نەوتى عێراق کردووە و "هەر ڕەزامەندى درا دابەشدەکرێت".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە: "پاش ئەوەی لەكۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق كە لە رێكەوتی 12ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوەچوو؛ وەزارەتمان جەختی كردەوە لەسەر دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەهەمان نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق".
باسی لەوەشکردووە: "ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتمان لەمانگەكانی (تەموز و ئەیلول و تشرینی یەكەمی) ئەمساڵ بە سێ نووسراو و بەناردنی شاندی وەزارەتمان داواكاری گەیاندووەتە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بەمەبەستی دابینكردنی نەوتی سپی بەهەمان نرخی عێراق".
وەزارەتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "خۆشبەختانە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بە پشت بەستن بە داواكاریی و هەوڵەكانی وەزارەتمان داواكاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بۆ ئەنجومەنی باڵای ئابووری حكومەتی عێراق بەرز كردووەتەوە بەمەبەستی رەزامەندی دەربڕین".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاوڵاتییانیش ئاگادار دەكاتەوە: "لەكاتی دەستپێكردنی ناردنی بەشە نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بەهەر نرخێك بێت كە دیاری كرا بێت لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە، وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاووڵاتیان دابەشی دەکات".
