هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ناکۆکیی خستووەتە ناو سوننەکانەوە

٢٧ تشرینی دووەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکانی زیاتر کردووە، بەو پێیەی تائێستا لەبارەی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

لەدوای ساڵی 2005ـەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.

بەپێی ئەوەی پارتی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی حەلبوسی لەناو لایەنە سوننەکانی دیکە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ساڵی 2021ـدا، زۆرترین کورسیی بەدەستھێناوە، وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە مافی خۆی دەزانێت.

تائێستا ھەریەک لە کەریم شەعلان، سالم عیساوی و زیاد جەنابی لە ھاوپەیمانیی قیادە بەسەرۆکایەتیی محەمەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر، ھەروەھا لە ھاوپەیمانیی عەزم ھەریەک لە موسەننا سامەڕائی و مەحمود مەشەھدانی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران خۆیان کاندید کردووە، بەڵام تائێستا کۆدەنگیی لایەنە سوننەکان لەسەر ھیچ کام لەو کاندیدانە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نییە.

ئەمە تەنیا لە لایەنە سوننەکاندا نەوەستاوە و لەئێستادا لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگیش ناکۆکی لەسەر کاندیدانی سوننەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەیە و تائێستا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە کە دەنگ بە کام کاندیدی سوننەکان بدەن.

بەڵام ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی پاڵپشتی لە سالم عیساوی کاندیدی ھاوپەیمانیی قیادە دەکات و ھاوکات ھاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆکایەتیی ھادی عامری پاڵپشتیی لە موسەننا سامەڕائی کاندیدی ھاوپەیمانیی عەزم دەکات.

هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە چییە؟

بەپێی ڕاگەیەندراوی وتەبێژی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە، ھەر کاندیدێک کە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی عێراق ھەڵدەبژێردرێت پێویستە کۆدەنگی یان ڕەزامەندیی زۆرینەی لایەنە سووننەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لەسەربێت.

بەڵام تائێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە کوردییەکانی دیکە ھەڵوێستی خۆیان لەوباریەوە ڕانەگەیاندوو.

ئێستا دوو ڕێگە لەبەردەم لایەنە سوننەکان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەناو خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە.

یەکەم ڕێگە ئەوەیە، لایەنە سوننەکان بە کۆدەنگیی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێرن. دوومیان ئەوەیە، بەدەنگدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.

جێی باسە، ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستی بە دەنگی 166 پەرلەمانتار هەیە، کە ئەگەر سووننەکان بە ڕێککەوتن ئەمە یەکلایی بکەنەوە، کارێکی ئاسان دەبێت بۆیان.

لەئێستادا ئەنجومەنی نوێنەران لە پشووی یاساداناندایە و هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنەکە دواخراوە بۆ دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە لە ڕێکەوتی 18ـی مانگی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.

بۆیە چاوەڕان دەکرێت تا ئەوکاتەی پشووی یاسادانانی ئەنجوومەنی نوێنەران تەواو دەبێت، لایەنە سوننەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بگەنە ڕێککەوتن.