ڤیدیۆ.. جادوگەرێک دەستگیرکرا

٢٣ تشرینی دووەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە بەتۆمەتی سیحر و جادوکردن و بۆیان دەرکەوتووە چەندین ئافرەتی فریوداوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە: "‎دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن هێزەکانمانەوە تۆمەتبار (ر ، ح ، م) دەستگیر کرا بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری (سحر و جادو )کردن ,لەکاتی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کەچەندین ئافرەتی فریو داوە و دەست درێژی کردۆتە سەریان بۆ مەرامی خوی به كاريانی هێناوە و سودی ماديان لێ وەردەگرێت".

ئاسایشی هەولێر باسی لەوەشکردووە: "بەبریاری دادوەر پشکنین بۆ ماڵەکەشی کراوە، لەماڵەکەیدا دەستمان بەسەر ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی جۆراوجۆر و ئەندامی لاشەی ئاژەڵی کێوی دا گرت کە بەکاری هێناوە بۆ سحر و جادو کردن".

بەڕێوەبەرایەتییەکە داواش دەکات (بەتایبەت لە ئافرەتان): "خۆیان بەدور بگرن لەم جۆرە کەسانەو پەنایان بۆ نەبەن و باوەڕیان پێ نەکەن، چونکە ئەم جۆرە کەسانە دەبنە مایەی کێشە و هەڕەشە بۆسەر خۆیان و خانەوادەکەشیان".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەرکەسێک سکاڵای یاسای لەسەری هەیە بەڕێگای دادگا دەتوانێ سکاڵای لەسەر تۆمار بکات".