٢٣ تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
دوای دەستبەسەرکردنی کارمەندانی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایگەیاند تەواوی هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە گواستنەوەی برینداران و کارمەندانی تەندروستیی لە نەخۆشخانەکان ڕاگرت.
ئەشرەف قودرە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە شاری خانیونس لە باشووری غەززە سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی محەمەد ئەبو سلمیە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا و ژمارەیەک کارمەندی تەندروستیی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە قسەیکرد.
قودرە وتى: "هەتا ئەو کاتەی ڕاپۆرتێک پێشکەشدەکرێت سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی کارمەندانی تەندروستیی لەلایەن سوپای داگیرکەرەوە، بڕیارماندا بە ڕاگرتنی تەواوی هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە گواستنەوەی برینداران و کارمەندانی تەندروستی".
ئەوەشی وەبیرهێنایەوە نەخۆشخانەی شیفا کە گەورەترین دامەزراوەی تەندروستیی غەززەیە، ڕووبەڕووی گوشار و کاولکاری بووەتەوە و ڕایگەیاند: "نەتەوە یەکگرتووەکان پێیان ڕاگەیاندین کە لە ڕێگەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە هەماهەنگیییان دروستکردووە بۆ گواستنەوەی خەڵکی ناو نەخۆشخانەی شیفا".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە وتیشی: "دوێنێ کاروانێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکات، دەستی بە جووڵە کرد بۆ گواستنەوەی بەشێک لە نەخۆش و کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەی شیفا کە ڕووبەڕووی مەترسیدارترین پەیڕەوی نازی بوونەتەوە".
