١٨ تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
وەزارەتی بەرگریی عیراق سەرجەم كاروبارەكانی تایبەت بە پێكهێنانی لیوای 20ی هاوبەشی تەواوکرد، جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت: "سەرجەم پێشمەرگەكانی ئەو لیوایە پەیوەندی بكەن و موچەی مانگی 12ش وەردەگرن".
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند: "ئەمشەو لەگەڵ عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، لەبارەی لیوای 20 كۆبووەوە و بڕیاردرا تەواوی گرفتەكان بەلاوەبنرێت و فەرمانی دەستبەكاربونیان بۆ دەرچێت".
ڕونیشیکردەوە: "بڕیاردراوە تا ڕۆژی 1-12-2023، سەرجەم پێشمەرگەكانی ئەو لیوایە پەیوەندی بكەن و موچەی مانگی 12ش وەردەگرن، هەر كەموكوڕییەكیش لە ڕوی كارگێڕییەوە هەبێت، بخرێتە دوای دەستبەكاربوونیان".
بەگوێرەی زانیارییەكان، لیوای 20ی هاوبەش، زیاتر لە سێ هەزار و 700 پێشمەرگە لەخۆدەگرێت و موچە و پڕچەككردنیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت.
لە مانگی ئابی 2021، وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق، گەیشتنە ڕێككەوتن لەبارەی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ ئەوەی لەو ناوچانەی كە بۆشایین لەنێوان عێراق و هەرێم بڵاوبكرێنەوە.