مارسیلۆ: کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ پێشنیاری بۆ کردم پەیوەندی بە یانەی نەسرەوە بکەم

١٥ تشرینی دووەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

مارسیلۆ، ئەستێرەی بەڕازیلی و یاریزانی یانەی فلۆمینێنس، ئاشکرای کرد، ئۆفەرێکی لە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی هاوڕێی پێشوی لە ڕیاڵ مەدرید پێگەیشتووە، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ڕیزەکانی یانەی نەسری سعودییەوە بکات.

هاوکات یانەی نەسر ئارەزوی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە بەرازیلییە ئاشکرا کرد، بەتایبەت لەسەر داوای ڕۆناڵدۆ.

مارسێلۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئۆگۆگۆ وتی: "ماوەیەک پێش ئێستا ڕۆناڵدۆ باسی بیرۆکەی گواستنەوەی بۆ نەسری سعودیە لەگەڵ کردم".

وتیشی: "لە لایەن کۆمەڵێک یانەوە ئۆفەرم بۆهات، نەک بە تەنها هەر نەسر، بەڵام پێویست بوو بگەڕێمەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆم لە بەرازیل، شتێک پێی وتم دەبێت بگەڕێمەوە".

جێی سەرنجە مارسێلۆی تەمەن 35 ساڵ، وەرزی ڕابردوو لەگەڵ ئۆڵۆمپیاکۆسی یۆنانیدا بەسەربرد، بەڵام لە مانگی شوباتی ڕابردوودا گەڕایەوە بۆ یانەی فلۆمینێنس.

سەرەتای ئەم مانگە مارسێلۆ بەشداری کرد لە بردنەوەی نازناوی جامی لیبرتادۆرێس و سەرکەوتن بۆ جامی جیهانی یانەکان بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکاندا.

مارسێلۆ هاوڕێیەتییەکی بەهێزی لەگەڵ ڕۆناڵدۆ هەیە بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر پێکەوە یارییان کردووە لە یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی لە ماوەی ساڵانی (2009-2018).