٣٠ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات بە هاوکاریی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕۆژهەڵات و هێزەکانی ئاسایش دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە بڕێک پارەیان لە قاسەی چێشتخانەیەکدا دزیبوو.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كەبڕێك پارەی لەقاسەی چێشتخانەکەیدا لێ دزراوە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچونەكانیان دەسپێكرد".
ئاماژەی بەوەشداوە: "سەرەنجام و دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات بەهاوکاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕۆژهەڵات و هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیربکرێن. هەروەها دەستیشگیرا بەسەر قاسەکەو پارە دزراوەکەدا".
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "تۆمەتباران (ح، أ، ب - م، م، أ) دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادان راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".