٢٨ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣
بەپێی زانیارییەکان، بەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیەکی دیکەی پێشمەرگەی شەڕەکەی چیای قەرەچوغ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهیدبوو.
ئەمڕۆ شەممە، فەرماندەیەکی دیکەی پێشمەرگە کە لە شەڕەکەی چیای قەرەچوغ بریندار بوو بەیانی ئەمرۆ بە هۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو.
پێشمەرگەکە ناوی پۆشۆ خالید کلهوری بووە و پلەی موقەدەم فەوجی سێ لیوای 18 بووە، بڕیار بوو سبەی یەکشەممە بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت بەڵام بەیانی ئەمڕۆ گیانی لە دەستداوە.
ئێوارەی 22ی ئەم مانگە، لە چیای قەرەچوغ شەڕ و پێکدادان لەنێوان پێشمەرگە و هێزێکی عێراقی دروست بوو و بەو هۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون و نۆ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون و ئەمڕۆ یەکێکی دیکە لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا. بەپێی زانیارییەکان حەوت کەسیش لە هێزی سوپای عێراق گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسیشیان بریندار بوون و 11 کەسیش بە دیل گیراون.
دوابەدوای رووداوەکەش، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی رووداوەکە و دیاریکردنی هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو ئاڵۆزییە کرد.