پارتی و گۆڕان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن

٢٤ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

شاندێکی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی پارتی کرد و لە تەوەری سەرەکیاندا پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن کە بڕیارە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو بکرێت.

شاندی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی لە پیرمام لەگەڵ شاندی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی کۆدەبنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندەکەی بزوتنەوەی گۆڕان پێکهاتوون لە عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، مستەفا سەید قادر، کاردۆ محەمەد، بەختیار عومەر و دلێر عەبدولخالق.

شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێکهاتوون لە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی، هۆشیار زێباری، مەحمود محەممەد، سیداد بارزانی و چەند ئەندامێکی دیکەی دەستەی کارگێڕی.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە پرسەکانی دارایی، سیاسی و ئەمنی نێوان هەولێر و بەغدان و لەناویاندا پرسی هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و گاز و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، گفتوگۆی چڕیان لەبارەوە دەکرێت.

یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی پەیوەست بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە بڕیارە 25ـی شوباتی 2024 بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی بکات.