٢٣ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣
یاریدەدەری زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام لەو زانکۆیە دانەنراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک نییە بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانییەوە هیچ کاتێک دیارینەکراوە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام لەو زانکۆیە.
پێشتر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، پشتیوانیی تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەن و داوادەکەن کێشە داراییەکان بە زوترین کات چارەسەر بکرێت.
لە سەرەتای دەستپێکردنی دەوامی ئەمساڵەوە بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان، بەشێکی زۆری مامۆستایان ڕەتیانکردووەتەوە بچنە ناو هۆڵەکانی خوێندن و ئاماژە بەوە دەکەن، تا داواکارییەکانیان جیبەجێ نەکرێت و مووچەکانیان پێنەدرێت، ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
