لەبەر قەرزداری فرۆشتنی سیمکارتی کۆڕەک لە عێراق قەدەغەکرا

٢٢ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی قەرزی کەڵەکەبوو و بەسەرچونی مۆڵەتیان فرۆشتنی سیمکارتی "کۆڕەک تیلیکۆم" لە پارێزگاکانی عێراق قەدەغەکرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکی چوار خاڵی سەبارەت بە کۆمپانیای کۆڕەک بڵاوکردەوە و تیایدا بڕیاریداوە، بازرگانیکردن بە هەر سیمکارتێکی کۆڕەک ڕادەگیرێت.

هاوکات ئەو دەستەیە داوا لە هاوڵاتییانی پارێزگاکانی عێراق کردووە، هیچ سیمکارتێکی ئەو کۆمپانیایە نەکڕن، لەگەڵ ئەوەدا بڕیاردراوە هەر دوکانێک کڕین و فرۆشتن بە سیمکارتی کۆڕەک بکات سزا دەدرێت.

لەبارەی خاڵی کۆتاییەوە دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژدا هەموو کۆمپانیاکانی پەیوەندی هێڵی پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک ببڕن.

سەبارەت بە هۆکاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆم، لە بەیاننامەکەدا ئەوە خراوەتە ڕوو، مۆڵەتی کۆمپانیای کۆڕەک لە 30ی ئابی 2023 بەسەرچووە، هاوکات پارەیەکی زۆر وەک قەرز لەسەریان کەڵەکە بووە و چەندینجار دانوستانیان لەگەڵ کۆمپانیاکە کردووە، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون ئەو پارەیە بگەڕێننەوە.