٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٣
کارەکانی چوارەمین ڕۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی کۆتایی هات، دەنگ بە 32 مادە درا و بەوەش تاوەکو ئێستا لە کۆی 65 مادەی پەیڕەوی ناوخۆ 44 مادە پەسەندکراوە و نزیکەی 20 مادە ماوەتەوە تێبپەڕێنرێت، بۆ سبەینێش کۆنگرە بەردەوامی دەبێت و دەنگ بە دەزگاکانی هەڵبژاردن و دارایی دەدرێت.
ئەمڕۆ شەممە، چوارەمین ڕۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆتایی هات، لەبارەی ئەمڕۆی کۆنگرەکەوە تەلار لەتیف، وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەبەر ئەوەی لە 13 ساڵی ڕابردوودا پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە پەسەندنەکراوە، بۆیە لەلایەن سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە زۆرترین کات دراوە بە ئەندامانی کۆنگرە بۆ ئەوەی، مادە بە مادە گفتوگۆی چڕ و وردی لەبارەوە بکەن و پێشنیارەکانیان بخەنە ڕوو".
سێ یەکی پەیڕەوی ناوخۆ، لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە پەسەند کراوە، سەبارەت بە دەنگۆی دروستبونی کێشە و ناکۆکی لەناو کۆنگرەدا، ناوبراو وتیشی: "هەر دەنگۆیەک لەبارەی دروستبونی کێشە و ناکۆکی لەناو کۆنگرە هەبێت، دوورن لە ڕاستییەوە و کۆنگرە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت".
وتەبێژەکەی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی ئاماژەی بەوەشدا، وەزیر و بریكاری وەزیر و پەرلەمانتارانی یەكێتی مافی خۆكاندیدكردنیان نییە بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی.
وتیشی: "پۆستە سیادیەكان (سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی، سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی) مافی خۆپاڵاوتنیان بۆ مەكتەبی سیاسی هەیە، جگە لەوانە ئەوانەی پۆستی حكومیان هەیە مافی خۆپاڵاوتنیان نابێت بۆ مەكتەبی سیاسی".
هاوکات چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی کۆنگرە جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە بەغدا بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
لای خۆشیەوە نوخشە ناسح، ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد: "دیار نییە کۆنگرە کەی کۆتایی دێت، کۆنگرە بۆ ئەوە نەکراوە یەک بۆ دوو ڕۆژ بێت بەپێی ئەو پەیڕەوەیە کە دیاری کراوە".
پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی، ڕۆژی چوار شەممە 27ی ئەیلولی 2023، لە شاری سلێمانی لە تەلاری هونەر دەستیپێکرد و بڕیاربوو لە ماوەی سێ ڕۆژدا کارەکانی تەواو ببێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی کارەکانی، ماوەی کۆنگرە زیادکرا و ئەمڕۆ شەممە، چوارەم ڕۆژی کۆنگرەی یەکێتی کۆتایی هات و 32 مادە تێپەڕێندرا، تاوەکو ئێستا 44 مادە پەسەندکراوە، بڕیاریشە سبەینێ پێنجەم ڕۆژی کۆنگرە بەڕێوە بچێت و دەنگ بەو مادانە بدرێت کە ماون، ئەو مادانەش ژمارەیان 20 مادەیە.