٢٨ ئەیلوولی ٢٠٢٣
دووهمین رۆژی پێنجهمین كۆنگرهی یهكێتی له سلێمانی کۆتایی هات و ئەندامانی کۆنگرە بەشێك لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییان تاوتوێ کرد و هەڵبژاردنی سەرکردایەتیش دەکەوێتە سبەی.
بە بەشداری 600 ئەندام دووەم رۆژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچوو، لەلایەن شەش لیژنەی پێکهاتوو لە (لیژنەی پڕۆگرام، لیژنەی پێشمەرگە و شەهیدان و زیندانیان، لیژنەی سکاڵا، لیژنەی پەروەردەی حزبی، لیژنەی پەیڕەو و لیژنەی وتاری سیاسی) بەشێك لە پەیڕەوی ناوخۆیی یەکێتی تاوتوێکرا.
لەبارەی تەواوبوونی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، تەلار لەتیف وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند:"هێشتا لیژنەی پەیڕەو کارەکانی خۆی تەواو نەکردووە و سبەینێش وەک سێیەمین رۆژ گفتوگۆکانی کۆنگرە بەردەوام دەبێت".
وتیشی: "هەر دەق و پرۆژەیەک لە سایت و کەناڵە رەسمییەکانی یەکێتی بڵاونەبێتەوە دوورە لە راستییەوە ".
هەروەها زیاد جەبار ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی رایگەیاند، کاری بەشێك لە لیژنەکان تەواو بووە و چەند راپۆرتێك پێشکەش کراوە، بەشێکی دیکەیان ماوەتەوە بۆ بەیانی کە دەبێت راپۆرتەکانیان پێشکەش بکەن و سبەینێ ھەڵبژاردنی سەرکردایەتی ئەنجامدەدرێت.
وتیشی: "هیچ جۆرە ناکۆکییەکم لە ناو هۆڵی کۆنگرە نەبینیوە و لە خوێندنەوەشمان بۆ کۆنگرەکە ئەوەیە کە بە سەرکەتوویی تێدەپەرێت و کەبتوانێت بەرنامە و ستراتیجی وا دابڕێژێت لە خزمەت خەڵکی کوردستاندا بێت.
بەپێی زانیارییەکانیش، ڕەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی (14) دەسەڵاتی بە بافڵ تاڵەبانی بەخشی، کە دیاریتینیان بریتییە لە (بەرپرسیاربوون لە جێبەجێکردنی بڕیار و سیاسەتەکانی یەکێتی، سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی، سەرپەرشتیکردنی کاروباری دارایی، فرمانی دامەزراندن لە پۆست بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی یەکەمی سەرجەم دامودەزگا و مەکتەبەکانی یەکێتی دەردەکات، پارێزەری سامان و موڵك و داهاتی یەکێتی دەبێت کە نابێت لە بەرژەوەندی خۆی و کەسوکارەکەی بەکاریبهێنێت، هتد).
هەر بە پێی ئەو رەشنوسەش، ھەریەکە لە دکتۆر لەتیف ڕەشید و قوباد تاڵەبانی و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا مافی بوون بە ئەندامی سەرکردایەتیان ھەیە.
لەبارەی ئەم کۆنگرەیەشەوە ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە چاوپێککەوتنێکدا وتی: "کۆنگرەی پێنجەم ئاسەواری ململانێکان کۆتایی پێدێنێت".
لە میانی کۆنگرەکەشدا له نێو هۆڵەکەدا ژنێك قاچی ترازاوه و و ئازاری پێگەشتوە، لەو بارەیەشەوە سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 122 رایگهیاند، ئهمڕۆ پێنجشهممه له نێو هۆڵی كۆنگرهدا تهنها روداوێك رویداوه كه ژنێك قاچی ترازاوە و ئازاری پێگەیشتوە بهڵام لهلایهن تیمهكانیانهوه چارهسهری پێویستی بۆ كراوه و تهندروستی باشه.
وتووشیەتی: "جگه لهو روداوه هیچ روداوێكی دیكه روینهداوه".
ئهوهش لهكاتێكدایه پێشتر دهنگۆی شەڕ و برینداربونی ژمارهیهك كهس له نێو هۆڵی كۆنگرهی یهكێتیدا بڵاوكرابوهوه.
سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆش جەمیل ھەورامی لەناو کۆنگرەی یەکێتی لە کاتی دەنگدان بە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی، لە پڕ تەندروستی تێکچووە و بووراوەتەوە، دواتر بە ئەمبوڵانسێکی تایبەت ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و ئێستا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە.
دوێنێ 27-9-2023، بە ئامادەبونی د. لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عیراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركردەی لایەنە كوردستانی و عیراقییەكان و میوانێكی زۆر لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم و عیراق و ناوچەكە و بەبەشداری 600 ئەندام، پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی دەستیپێكرد، لە بەشی دووەمی كۆنگرەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی بە كۆی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە، بە سەرۆكی یەكێتی هەڵبژێردرایەوە.