٢٨ ئەیلوولی ٢٠٢٣
بەرگری شارستانی دهۆك یارییە ئاگرینەکانی لە هۆڵی هۆتێلەکان، یانەی شەوانە، باخچە تایبەتەکان و شوێنە گەشتیارییەکان قەدەغەکرد و رایگەیاند، هەر کەسێک پابەند نەبێت رێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
بەرگری شارستانی دهۆک لە نووسراوێکدا رێنمایی نوێی لەبارەی یارییە ئاگرینەکان و سیستەمی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنە گشتییەکان بڵاوکردە و رایگەیاند، نابێت بە هیچ شێوەیەک یارییە ئاگرینەکان لە هۆڵی ئاهەنگگێڕان، هۆڵی شانۆگەری، هۆڵی هۆتێلەکان، یانەی شەوانە، باخچە تایبەتەکان و شوێنە گەشتیارییەکان هەبێت، هەر کەسێک پابەند نەبێت رێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
لە رێنماییە نوێیەکانی بەرگری شارستانی دهۆک ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە هەموو کۆمپانیا و کۆگا بازرگانییەکان، هەروەها هۆتێل و یەکەکانی نیشتەجێبوون و بەنزینخانەکان سیستەمی ئاگرکوژێنەوە هەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە شەوی 26ی ئەیلوولی 2023، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە حەمدانییە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 200 کەسی دیکە بریندارن.