نەسر و ئینتەر میامی یارییەکی دۆستانە ئەنجام دەدەن

٢٨ ئەیلوولی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی سعودیە ئاشکرایانکرد، ڕەنگە ڕوبەڕووبونەوەیەکی پێشبینیکراو دروست ببێت لە نێوان کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی و لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، لە یارییەکی دۆستانە لەنێوان یانەی نەسری سعودی و یانەی ئینتەر میامی ئەمریکی.

عەلی عەنزی ڕەخنەگری وەرزشی سعودی لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی X (پێشتر تویتەر) نوسیویەتی: "کۆمپانیایەکی بازرگانی جیهانی هەوڵدەدات یارییەکی دۆستانە ڕێکبخات لە نێوان یانەی نەسر و یانەی ئینتەر میامی".

نوسیویشیەتی: "لە یارییەکەدا سەرجەم ئەستێرەکانی هەردوو یانە بەشدار دەبن، کە ئەفسانەی پورتوگالی ڕۆناڵدۆ و مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی سەرۆکایەتی دەکەن".

ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکە هەوڵدەدات یارییە دۆستانەکە لە وڵاتی چین ئەنجامبدات.

دوایین ڕوبەڕووبونەوە هەردوو ئەستێرەی نێودەوڵەتی مێسی و ڕۆناڵدۆی لە سعودیە بوو، لە کاتی یاری پاریس سانجێرمان لەهەڵ تیمێک کە لە ئەستێرەکانی سعودی نەسر و هیلال پێکهاتبوو.

ئەستێرە پورتوگالیەکە ڕکابەرییەکانی لالیگای ئیسپانیای بەجێهێشت بەرەو یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، لیۆنێل مێسیش بارسێلۆنای بەجێهێشت بۆ یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، پێش ئەوەی ڕووبکەنە نەسر و ئینتەر میامی.