٢٥ ئەیلوولی ٢٠٢٣
ڕاهێنەری یانەی ئینتەر میامی ئەمریکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هەڵوێستی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی ئاشکراکرد، سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی لە یاری کۆتایی جامی ئەمریکای کراوە.
دوای ئەوەی بە ئەنجامی 1-1 یەکسان بوو بەرامبەر بە یانەی ئۆرلاندۆ سیتی، تاتا مارتینۆی ئەرجەنتینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "دوای گوێگرتن لە مێسی، و هەڵسەنگاندنی هەموو مەترسییەکانی داهاتوو بڕیار دەدەم".
ئاماژەی بەوەشکرد: "دیاری کردنی ڕێژەیەک لە ئەگەری بەشداریکردنی قورسە، چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخەکە هەڵدەسەنگێنین، سەرەتا گوێی لێدەگرم بۆ ئەوەی بزانم هەستەکانی چۆنە، چونکە دەبێت مەترسییەکانی داهاتوش هەڵبسەنگێنین".
دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا یانەکە سەرکەوت بۆ یاری کۆتایی جامی هانت لامار (ئەمریکی کراوە)، کە مێسی کاریگەری لەسەر ئینتەرمیامی هەبوو بۆ گەیشتن بەو قۆناغە.
مێسی تەمەن 36 ساڵ، سەرەتایەکی بەرچاوی لەگەڵ ئینتەر میامی پێشکەش کردووە بەوەی کە 11 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئەسیستیشی لە 11 یاریدا کردووە، هاوکات ئینتەر میامی نازناوی جامی خولی ئەمریکی بەدەستهێنا کە یەکەم نازناوی مێژووی یانەکە بوو.
ئینتەر میامی لە یارییەکی ماراسۆندا بە لێدانی سزا لە سینسیناتی بردەوە و سەرکەوێت بۆ یاری کۆتایی، کە لە ٢٧ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت.