ئاریان تاوگۆزی: لەبەر ئامادەنەبوونی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی دەنگدان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دواخرا

١٤ ئەیلوولی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

ئاریان تاوگۆزی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژی دەنگدان بوو لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، بەڵام بەهۆی ئامادە نەبوونی ئەندامان و سەرۆکی فراسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی، دەنگدان دواخرا.

ئاریان تاوگۆزی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری تایبەتی فەیسبوکی خۆی ڤیدیۆیەکی ناو پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردووەتەوە، کە وەک دەردەکەوێت هیچ یەکێک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمان نین، لە کاتێکدا ئەمڕۆ دەبوو دەنگ بدرێت بە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێت: "ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئامادەین لە هۆڵەکە، بەڵام لەبەر ئامادەنەبوونی لانی کەم هیچ یەکێک لە فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی، کە بابەتی پێشوازیکردنیان لە سەرۆکی حکومەت پێ گرنگتربوو لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ ڕۆژی دووشەممە".

دەشڵێت: "گرنگە کە خەڵکی هەڵەبجە و خەڵکی هەرێمی کوردستان بزانن کەوا کاری لەپێشینەی ئەو فراکسیۆنانەی تر چییە لە بەغدا، تەنیا ئەوەیە کە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەیاندا بڕۆن، بەڵام ئێمە وەکو جووڵانەوەی نەوەی نوێ کار و کردەوەکانمان بۆ ئەوەیە کە پشتگیریی لە خەڵک بکەین".

ئاریان تاوگۆزی لە درێژەی گرتە ڤیدیۆییەکەدا باس لەوەش دەکات: "ئەمڕۆ یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە یەکێک بوو لەو یاسا گرنگانەی کە دەبووایە تێبپەڕێت، بەهیوان کە ڕۆژی دووشەممەش وەکو ئەمڕۆی لێنەکەن، بۆئەوەی کۆتایی بەو نارەحەتییانەی ئەو پارێزگا خەمبارە بێت".

لەکۆتاییشدا دەڵێت: "ئێمە بەردەوام لە هەوڵدا دەبین بۆئەوەی خەڵکی هەڵەبجەی خۆشەویست بگەن بەوەی کەوا بتوانن ژیانێکی ئاسوودەتریان هەبێت".