ئایا دەنگۆی دەستگیرکردنی کاروان شارەوانی ڕاستە؟

١٢ ئەیلوولی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە کاروان شارەوانی هونەرمەندی میللی لەکاتی دانیشتنێکی شەوانەدا "گەعدە" دەستگیرکراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش ئاشکرایکرد کە ناوبراو دەستگیرنەکراوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە، کە وەک تێیدا دەردەکەوێت، لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، چەند کەسێک لە کاتی دانیشتنێکی میوزیک و گۆرانیی شەوانەدا "گەعدە" تەقە دەکەن و یەکێک لەو کەسانە کاروان شارەوانی هونەرمەندی میللی بوو.

لەوبارەیەوە، هاوتا عەزیز، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ئاشکرایکرد: "درەنگی شەوی رابردوو لە باخێکی سنووری ناحیەی شۆڕش چەند کەسێک دانیشتنیان هەبووە و تەقەیان کردووە، دراوسێکانیش بەو تەقەیە بێزار بوون و هێزە ئەمنیەکانیان ئاگادار کردووەتەوە".

ئاماژەی بەوەش دا: "دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان دەچنە شوێنەکە، چەند کەسێکی ناو دانیشتنەکە رووبەڕوویان دەبنەوە، بەڵام پێنج کەسیان دەستگیر دەکرێن و خاوەنی باخەکەش هەڵاتووە".

لەبارەی دەنگۆی دەستگیرکردنی کاروان شارەوانییەوە، هاوتا عەزیز وتی: "گۆرانیبێژەکە دەستگیرنەکراوە".