ڤیدیۆ: کەسێک بەتۆمەتی شێلانی هاوڵاتییەک بە ئۆتۆمبێل دەستگیركرا

٣١ ئابی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردسات تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كه‌ به ئۆتۆمبێل هاوڵاتییەکی شێلابوو پاشان هه‌ڵاتبوو.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی زانیاری‌ گه‌یشته‌ ده‌ست هێزه‌كانی‌ پۆلیس كه‌ تۆمه‌تبارێك به ‌ئوتۆمبێل هاوڵاتییه‌كی‌ شێلاوە و پاشان شۆفێره‌كه‌ی‌ بۆ شوێنێكی‌ نادیار هه‌ڵاتووه‌، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردسات لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد.

ئاماژەی بەوەش دا: "دوای‌ وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌ر و له‌ژێر فشاری‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیسدا، تۆمه‌تبار ناچاركرا خۆی‌ ڕاده‌ست بکات و لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردساتەوە دەستگیرکرا. هه‌روه‌ها ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر ئوتۆمبێلی‌ تۆمه‌تباردا".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "تۆمەتبار (ب، س، ح) له‌دایكبووی‌ 2002 پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و لەئێستادا بە بڕیاری بەڕێز دادوەر و به‌پێی‌ مادده‌ی‌ (31/406) ڕاگیراوه‌ و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە".