ڤیدیۆ: له‌سه‌ر كوشتنی‌ کەسێک دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران

٢٩ ئابی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، له‌سه‌ر دۆسیه‌ی‌ كوشتنی‌ هاوڵاتییه‌ك، له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان و هه‌ردوو بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ به‌ختیاری‌ و كوردسات، دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ 2023/8/29، له ‌گه‌ڕه‌كی‌ به‌رانانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ڕووداوێكی‌ ته‌قه‌كردن ڕوویدا و له ‌ئه‌نجامدا هاوڵاتییه‌كی‌ به ‌ڕه‌گه‌زنامه‌ عه‌ره‌ب برینداربوو دوای‌ گه‌یاندنی‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی‌ سه‌ختیی‌ برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانیله‌ده‌ستدا".

ئاماژەی بەوەش دا: "ده‌ستبه‌جێ مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان و هه‌ردوو بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ به‌ختیاری‌ و كوردسات لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكرد و توانرا له ‌چه‌ند كاتژمێرێكی‌ كه‌مدا دوو تۆمه‌تبار بدۆزرێنه‌وه‌ و ده‌ستگیربكرێن".

ئەوەش خراوەتە ڕوو، تۆمه‌تباران (ك، م - م، أ) دانیان به ‌تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌ و په‌ڕاوی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و له‌ئێستادا به ‌بڕیاری‌ دادوه‌ر و به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 406 له ‌یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراون و لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه.