٢٨ ئابی ٢٠٢٣
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ڕایگەیاند، هیچ جۆرە ناکۆکیەک لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو نییە و ئەو بابەتانەی کە بڵاوبونەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا هیچ بنەمایەکی دروستیان نییە، ئاماژەی بەوەشداوە مەلەفی ئاو بەپێی دەستور ڕێکخراوە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "هیچ جۆرە ناکۆکیەک لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو نییە و ئەو بابەتانەی کە بڵاوبونەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا هیچ بنەمایەکی دروستیان نییە، وە هیچ کۆبونەوەیەک هەڵنەوەشاوەتەوە لەسەر بنەمای ناکۆکی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدان".
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، مەلەفی ئاو بەپێی دەستور ڕێکخراوە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو وەزارەت پەیوەندییە هاوبەشەکانیان ڕێکخستووە.
دەقی ڕونکردنەوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کورستان:
ڕونکردنەوەیەک بۆ میدیاکاران و ڕایی گشتی ...
بەڕێزان ... بابەتێک بڵاوکراوەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دۆسیەی ئاو و گرتنەوەی ئاو لەگەڵ عێراق.
بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین بە مەبەستی بەردەوامیدان بە پەیوەندیەکانمان ڕۆژی یەک شەممە 2023/8/27، کۆبونەوەی تایبەت هەبووە لە نێوان لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی مەلەفی ئاو، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو تێگەیشتن و هەماهەنگیانەی لە نێوان هەردولادا هەیە، هیچ جۆرە ناکۆکیەک لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو نییە و ئەو بابەتانەی کە بڵاوبونەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا هیچ بنەمایەکی دروستیان نییە، وە هیچ کۆبونەوەیەک هەڵنەوەشاوەتەوە لەسەر بنەمای ناکۆکی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدان.
لەپێناو پارێزگاری لە ئاسایشی ئاوی عێراق و هەرێم و بەیەکەوە کاردەکەین بە ئامانجی ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگ و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی کەمبونەوەی ئاو بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ و هاوڵاتییان بەگشتی ..
لە کۆتایدا ڕایدەگەیەنین کە مەلەفی ئاو بەپێی دەستور ڕێکخراوە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، وە بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەت پەیوەندییە هاوبەشەکانیان ڕێکخستووە و لە سەر بنەمای پێکەوە کارکردن بەردەوام دەبین ..
لەگەڵ ڕێزدا ....
ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوکانی ئاو