٢٦ ئابی ٢٠٢٣
وەزارەتی ناوخۆ رۆژی هەینی رەتی کردەوە کە ماددەی هۆشبەری " زۆمبی " هاتبێتە عێراقەوە، لەکاتێکدا بە بەشێکی وڵاتاندا بڵاوبووەوە و کەسانێکی زۆر ئالوودەی بوون.
ئەو ماددە هۆشبەرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەرکەوتووە، ڤیدیۆی ئەو کەسانەشی کە بەکاریدەهێنن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە، بەجۆرێك هەندێك خەڵك دەرکەوتوون کە وەك زۆمبییەکان بەسەر شەقامەکاندا بەبێ ئامانج دەڕۆن و لاردەبنەوە بەملا و ئەولادا وەك ئەوەی رۆح لە جەستەیاندا نەمابێت.
ئەو ماددە هۆشبەرە کە بە "tranq" ناودەبرێت، تێکەڵەیە کە لە ماددەی زیلازین کە بۆ ئارامکردنەوەی ئاژەڵە گەورەکانی وەك ئەسپ بەکاردێت، لەگەڵ ماددەی فێنتنایڵ کە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکانە.
خواردنی ئەم ماددە هۆشبەرە دەبێتە هۆی دابەزینی رێژەی لێدانی دڵ، هەناسەتەنگی، وەستانی رۆشتنی خوێن، تەنانەت دەبێتە هۆی کەڕووکردنی چینەکانی پێست و دەکرێت بگات بە بڕینی پەلەکان.
پسپۆڕان دەڵێن، ئەم جۆرە ماددە هۆشبەرە بەکارهێنەر دەخاتە حاڵەتێکی بێئاگاییەوە و هەستێکی ئارامکەری دەداتێ، دەکرێت ببێتە هۆی مردنیش.
بلال سوبحی وتەبێژی وەزارەتەکەش وتوویەتی، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئالوودەبوون بەو جۆرە ماددەی هۆشبەرە لە عێراقدا تۆمارنەکراوە و عێراق لە ریزی ئەو وڵاتانەیە کە ئەو ماددەی پێنگەشتووە.