٢٠ ئابی ٢٠٢٣
بەهۆی مەترسیی ڕووداوەکانی خنکان لە قەزای دەربەندیخان ڕێنمایی و تابلۆ و ڕێکار لەو جێگایەنە دەگرنە بەر کە هاوڵاتییان مەلەی لێ دەکەن.
سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە پێناو سەلامەتیی هاوڵاتییان ئەو بڕیارانەیان دەرکردووە و دەبێت هاوڵاتییانیش پابەندی ئەو تابلۆ و رێنمایانە بن کە دادەنرێت.
وتیشی: "جگە لە دانانی تابلۆ لە جێگاکانی مەلەکردن لەسەر ئەرکی قایمقامیەت سیم لە سەر پردی ژاڵەناو دادەنرێت چونکە ماوەیەکە هاوڵاتییان فێر بوون لەسەر پردەکەوە خۆیان هەڵدەدەن چیتر ناتوانن ئەو کارە بکەن".
باسی لەوەش کرد: "سەبارەت بە بەلەمە گەشتیارییەکان دەبێت مواسەفاتی دیاریکراو بێت بە پێی ئاوەکە و هێلەکی سەلامەتی تیادا بێت و بزانرێت بەلەمی پلاستیک یان تەختە یان فایبەر لەگەڵ خێراییەکەی بەکاردەهێنرێت".
لەماوەی ئەمساڵدا دوو ڕووداوی خنکان لە دەربەندیخان ڕوویداوە و یەکێکیان لە چەند رۆژی ڕابردوو لە بەنداوی دێوانەبوو گەنجێک لەکاتی مەلەکردندا خنکا.
