کۆمیسیۆنی عێراق: ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

٣١ تەمموزی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکى تیمى رۆژنامەوانیى کۆمیسیۆنى عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێشبینیش دەکەن ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات.

ئەمڕۆ دوو شەممە 31ـی تەموزی 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى ڕۆژنامەوانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "بەگوێرەی ئەو پلانەی کۆمیسیۆنی عێراق دیاریی کردووە، ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات و ئێمەش لە کۆمیسیۆن سبەی دەست بە ئامادەکارییەکان و جێبەجێکردنی پلانەکان بکەین".

عیماد جەمیل وتیشی: "ئەگەر ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری نەکات، ناتوانین لە ئەو ڕۆژەی پێشنیازمان کردووە هەڵبژاردن بەڕێوەببەین و ئەو پلانەی دانرابوو کە سبەی دەست بە ئامادەکاری بکەین دوادەکەوێت".

کۆمیسیۆنی عێراق، پێشنیازی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە رۆژی 18ـی شوباتی 2024 یان دوای ئەو وادەیە هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت. بۆ ئەوەی 1ـی ئاب دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکرێت، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێویستی بە مەرسومێكی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.