ڕیال مەدرید پێکانی یاریزانێکی ڕاگەیاند

٢٩ تەمموزی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

یانەی ڕیال مەدرید لە ڕاگەیەندراوێکدا پێکانی ئاردا گولەر یاریزانی یانەکەی ڕاگەیاند، ئەوەش وادەکات بۆ ماوەیەک لە مەشقەکانی تیپەکە دوور بکەوێتەوە، چونکە دەگەڕێتەوە ئیسپانیا.

ئەمڕۆ شەممە 29ی تەموزی 2023، یانەی ڕياڵ مەدرید لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد: "دوای ئەو پشکنینانەی لەسەر یاریزانەکەمان ئاردا گولەر ئەنجامدرا، دەرکەوت توشی پێکان بووە لە ئەژنۆی قاچی ڕاستیدا".

لە ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بە ئەوەش کراوە: "گولەر لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەرەو مەدرید گەشت دەکات بۆ بەردەوامبوون لەسەر وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی".

هاوکات کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید گولەری لە لیستی تیپەکەی دوورخستەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی بارسێلۆنا لە کلاسیکۆی دۆستانەدا، کە بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 12 بەکاتی هەولێر یاریەکە ئەنجام بدرێت و دەتوانن لە شاشەی قەڵەم سپۆرت بینەری یارییەکەبن.

ئاردا گولەر یاریزانە بەهرەمەندەکەی ڕیاڵ مەدرید لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ یانەکەی بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی داهاتوو.