منداڵێکی 2 ساڵان بە تێزاب سوتێندرا
٢٥ تەمموزی ٢٠٢٣
بڵاویبکەرەوە لە
لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی خەبات لە پارێگای هەولێر تێزاب کرا بە منداڵێکی 2 ساڵاندا و بەشێکی زۆری جەستەی سوتاوە و تەندروستی ناجێگیرە.
ئەمڕۆ سێ شەممە 25ی تەموزی 2023، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، کاتژمێر 9:30 دوێنێ شەو لە شارەدێی خەبات، لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە، لەبەر دەرگای ماڵەکەیاندا تێزاب کراوە بە نورا عەباس کە کچێکی تەمەن ساڵێک و 10 مانگە و لەلایەن مامیەوە بەپەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی ئێمرجنسی هەولێر.
بە وتەی ئەحمەد حەمە ئەمین مامی نورا، ئەو کەسەی کارەکەی کردووە ویستویەتی تێزابەکە بکات بە قوڕگی منداڵەکەدا بەڵام بە جەستەیدا ڕژاوە و %37ی لەشی سوتاندووە و ئێستا لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.
مامی نورا ڕاشیگەیاند کێشەیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و ناتوانن کەس تۆمەتبار بکەن.
