هەفتەی داهاتوو ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکرێت

٢٢ تەمموزی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو سەرۆکی هەرێم مەرسومی کۆماری بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.

ئەمڕۆ هەینی 21ی تەموزی 2023، فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای نزیک لە حزبەکەی ڕاگەیاند: "هەفتەی داهاتوو مەرسومی هەرێمی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەردەکرێت".

فەوزی هەریری ڕونیشیکردەوە: "تائێستا بە فەرمی وەڵامی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق نەگەیشتووەتە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێ دەکەین لە چەند ڕۆژی داهاتوو بگات و دوای ئەوەش لە هەفتەی داهاتوو، سەرۆکی هەرێم مەرسومی هەرێمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربکات".

ڕۆژی 19ی تەموزی ئەمساڵ، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیاریکرد، بەرواری 18ی شوباتی 2024 یان ڕۆژێک دوای ئەو بەروارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.