١٨ تەمموزی ٢٠٢٣
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، 2 لە ئەو کەسانەی هێرشیان کردەسەر هاوڵاتییەک لە شەقامی 60 مەتری ئەو پارێزگایە دەستگیرکران و کێشەی زاوا و خەزور بووە.
درەنگانی شەوی سێ شەممە 18ی تەموزی 2023، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە لاپەڕەی فەرمی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە شەڕەکەی 60 مەتری ئەو پارێزگایە و ئاماژەی بە ئەوە کردووە، دوای ئەوەی سەر لە ئێوارەی ڕۆژی دوو شەممە 17ی تەموزی 2023، لە شەقامی 60 مەتریی شاری هەولێر، 3 چەکدار هێرشیان کردووەتەسەر هاوڵاتییەک، لێیانداوە و ئازاریانداوە دەستگیرکران.
نوسیویشیەتی: "بۆ دەستگیرکردنیان دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانمان لە (بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر) دەست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچون کرا و لە ماوەیەکی کەمدا توانیمان ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەین، دەرکەوت کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و زاوا و خەزوری یەکترن، خۆیان ڕادەستی (بەڕێوەبەرایەتییەکەمان) كرد".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاسایشی هەولێر باسی لە ئەوەش کردووە، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی ئەو پارێزگایە، 2 لە ئەو تۆمەتبارانە بە ناوەکانی (م، ك، أ) و (أ، ك، أ) ڕوبەڕوی یاسا كراونەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاسایشی هەولێر ئەوەشی خستووەتە ڕو: "بەدواداچون بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سێیەم و هيج كه س له ياسا بەرزتر نیيه".
