١٣ تەمموزی ٢٠٢٣
وتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنور ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتودا لە ڕێگەی کورتەنامەیەکی مۆبایلەوە ئەو کەسانەی ناویان بۆ دامەزراندن لە ڕیزەکانی پاسەوانی سنور هاتووەتەوە، ئاگادار دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 13ـی تەموزی 2023، عەقید کاروان خۆشناو وتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنور بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "ئەوانەی فۆرمی پاسەوانی سنوریان پڕکردوەتەوە کورتەنامەیەکیان لە پاسەوانی سنورەوە بۆ هاتووە".
وتیشی: "لە 24 کاتژمێری داهاتودا ئەوانەی ناویان بۆ دامەزراندن گەڕاوەتەوە کورتەنامەیەکی تریان لە وەزارەتی ناوخۆ پێدەگات بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی دامەزراندن".
مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردو وهزارهتی ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بەمەبەستی زیادکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور لە هەرێمی کوردستان، دەرفەتی دامەزارندن بۆ 3 هەزار کەس لە ئاستی هەرێم و عێراق بکاتەوە و پێشکەشکردنەکەش لەڕێگەی فۆرمی ئەلکترۆنییەوە بوو.