حکومەتی هەرێم و پارێزگای هەڵەبجە 2 ئاماری جیاوازی پرۆژەکانی حکومەتیان لە پارێزگاکەدا خستە ڕو

١٣ تەمموزی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

دەستەی وەبەرهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی کار و چالاکیی خۆیدا، 113 پڕۆژە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێکراون، جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵێت، لە 2010ـوە تائێستا 47 پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگایان هەبووە.

ئەمڕۆ پێنج شەمەم 13ـی تەموزی 2023، کاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "ئەوەی لەبەردەستی ئێمەیە، لە ساڵی 2010ـوە بۆ 2023، 47 پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگامان هەبوون، کە هەندێکیان هی ساڵانی ڕابردون و تەنیا 24 پڕۆژە هی ساڵی 2021 و 2022ـن".

لە هەمان کاتدا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنی کار و چالاکییەکانی 4 ساڵەی خۆیدا، ئاماژەی بە ئەوە کردووە، تاوەکو ئێستا 113 پڕۆژە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ کراون.

دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوژمەی ئەو 113 پڕۆژەیەی سنوری پارێزگای هەڵەبجەی بە 319 ملیار و 434 ملیۆن دینار ڕاگەیاندووە، کاوە عەلی لە ئەو بارەوە وتی: "نەک ئەوەندە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکو بە گوژمەی کەمتر لە 10 ملیار دینار، پڕۆژەکان لە سنوری ئەم پارێزگایە جێبەجێ کراون و خەرجییەکەیان گەیشتووەتە دەستی بەڵێندەران".

دەستەی وەبەرهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم داتای تایبەت بە پڕۆژەکانی بە ئەم جۆرە خستووەتە ڕو:

هەولێر: 1104 پڕۆژە بە گوژمەی 4 تریلیۆن و 984 ملیار و 745 ملیۆن دینار

سلێمانی: 644 پڕۆژە بە گوژمەی 2 تریلیۆن و 839 ملیار و 349 ملیۆن دینار

دهۆک: 617 پڕۆژە بە گوژمەی 2 تریلیۆن و 210 ملیار و 696 ملیۆن دینار

هەڵەبجە: 113 پڕۆژە بە گوژمەی 319 ملیار و 434 ملیۆن دینار

ئیدارەی گەرمیان: 160 پڕۆژە بە گوژمەی 604 ملیار و 719 ملیۆن دینار

ئیدارەی راپەڕین: 200 پڕۆژە بە گوژمەی 445 ملیار و 635 ملیۆن دینار

ئیدارەی سۆران: 338 پڕۆژە بە گوژمەی 460 ملیار و 450 ملیۆن دینار

ئیدارەی زاخۆ: 138 پڕۆژە بە گوژمەی 394 ملیار و 298 ملیۆن دینار.