٥ تەمموزی ٢٠٢٣
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت میکانیزمی دابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیران لە هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوەی مانگەکانی پێشوتر بێت.
ئەمڕۆ چوار شەممە 5ـی تەموزی 2023، نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی داریی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "بە ئەو پێیەی هێشتا کار بە یاسای بودجە ناکرێت هەرچەندە پەسندکراوە، بەڵام ھێشتا رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بڵاونەکراوەتەوە".
لەبارەی بە شێوازی دابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیران لە هەرێم ئاماژەی بە ئەوە دا، هەرێم تاوەکو ئێستا پاکتاوی دارایی لەگەڵ بەغدا نەکردووە، هەر بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بە هەمان شێوازی مانگەکانی پێشو موچە دابەشبکرێت.
لای خۆشیەوە شێروان دوبەردانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە عێراق ئەوەی خستە ڕو، بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا کە پێشتر کراوە، دەبێت 50٪ـی داهاتی ناوخۆی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی ناوەندی.
وتیشی: "لەمەودوا بەغدا لەڕێی وەزارەتی دارایی عێراقەوە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان مانگانە و لە کاتی خۆیدا ڕەوانە دەکات بەبێ دواکەوتن".