٤ تەمموزی ٢٠٢٣
وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک ڕایگەیاند، کچێکی هەرزەکار بە چەکی کلاشینکۆف باوکی خۆی کوشتووە و لە ئێستادا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە 4ی تەموزی 2023، عامر شوانی وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بۆ میدیاکان وتی: "ڕوداوەکە لە گوندێکی سەر بە ناحیەی شوان ڕویداوە، کچێکی تەمەن 15 بۆ 16 ساڵ، بە چەکی کلاشینکۆف باوکی خۆی کوشتووە".
ئاماژەی بە ئەوەشدا، کچەکە دوای ڕوداوەکە لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکات.
سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی باوکەکە لە خەودا کوژراوە، عامر شوانی وتی: "هێشتا ئەوە ڕون نەبووەتەوە".
لە بارەی هۆکاری ڕوداوەکەش ئاشکرایکرد: "کوشتنەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە، بەڵام پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئەوەی هۆکاری تەواوی ڕوداوەکەی بۆ دەربکەوێت".
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە پارێزگای کەرکوک بە قەڵەمی ڕاگەیاند لە گوندی مەرزیخەی سنوری شارەدێی شوان، کچێک لە کاتێکدا باوکی خەوتووە، بە چەک کوشتویەتی، سەرچاوکە بە قەڵەمی ڕاگەیاند کچەکە تەمەنی 14 ساڵە.