وەزارەتی ناوخۆ: هەر ئەفسەرێک کێشى زۆر بێت پلەى بەرزناکرێتەوە

٤ تەمموزی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، هەر ئەفسەرێک کێشى دانەبەزاندبێت پلە بەرزکردنەوەى لە مانگى تەموز بۆ ناکرێت و ئەو هەنگاوە بۆ 6 مانگ دوادەکەوێت.

ئەمڕۆ سێ شەممە 4ـی تەموزی 2023، وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەبدولئەمیر شەمەرى، وەزیرى ناوخۆ فەرمانی داوە پلەی ئەو ئەفسەرانە لە مانگى تەموز بەرزنەکرێتەوە، کە کێشى لەشیان زیادە.

ئەم بڕیارە لە کۆبونەوەى وەزیرى ناوخۆ بووە لەگەڵ دەستەى بۆچونى سەر بە ئەو وەزارەتە، بڕیارەکەش لەسەر بنەماى یاساى توانستى تەندروستییەوە دراوە.

هاوکات سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "دیاریکردنى کێشی یاسایی و گونجاوى ئەفسەر و کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆ بەگوێرەى هاوکێشەى لێکدانى کێش و تەمەن و درێژى باڵاى دەبێت، ئەگەر ئەفسەرێک تەمەنى 40 ساڵ و درێژیی باڵاى 180 سانتیمەتر بێت، نابێت کێشی لە 87 کیلۆ زیاتر بێت، هەتا تەمەنیشی کەمتر بێت، بڕى کێشەکەى دادەبەزێت".

سندى ئاماژەى بە ئەوەش دا، پێشتر ئەو ئەفسەرانە مەشقیان بینیوە بۆ دابەزاندنى کێش، ئەو ئەفسەرانەى مانگى تەموز پلەبەرزکردنەوەیان بەهۆى کێشیانەوە ڕەتکراوەتەوە، تاوەکو 6 مانگى دیکە دەرفەتى ئەو پلە بەرزکردنەوەیان نابێت.