٢٦ حوزەیرانی ٢٠٢٣
سەرەتا دەبێت بزانین، مرۆڤ بە چەند قۆناغێکی دەرونی و جەستەییدا تێدەپەڕێت، ئەوەی پەیوەندی بەم باسەمانەوە هەیە (گەشەی هەڵچونیی)ە، باوەڕم وایە بۆ هەر کاردانەوە و بارودۆخێک خوێندنەوەیەکی زانستی هەیە، بەگشتی لە هەموو کەیسە لادەرەکاندا پەروەردە بە بەرپرس دەزانم.
گەشەی هەڵچونی دەکەوێتە هەستیارترین قۆناغی تەمەنەوە. مرۆڤ زۆر ئاسان کاریگەر دەبێت. ئاسان ڕادەستی هەستەکانی دەبێت. تێڕوانینی و هەڵچون و کاردانەوەکانی خێران. وشەیەک بەسە بۆ ئەوەی وەرچەرخانێک لە کەسەکەدا ڕوبدات. ئەگەر پەروەردەکەی دروستبێت، کاردانەوەکەی داهێنانی لێ دەکەوێتەوە، خۆ ئەگەر نادروست بێت کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.
ئێستا هەموان چاومان لەسەر بکوژێکە. لامان وایە مرۆڤێک کوژراوە بە دەستی یەک مرۆڤ، بەڵام خۆی لە ڕاستیدا وانیە، وێنەکە دیوێکی گەورەتری هەیە، بەرلەوەی بە تەواوی بچمە ناو باسەکەوە، دوو ڕونکردنەوەی بچوکم هەیە، تا هەڵە تێگەیشتن دروست نەبێت، لە هەرشوێنێکی نوسینەکەمدا واتێگەیشتیت من دژی دینم تکایە بگەڕێرەوە بۆ ڕونکردنەوەی یەکەمم.
هیچ کۆمەڵگایەک نییە لە دونیادا بە بێ ئاین. من بۆخۆم لە کۆمەڵگایەکی زۆرینە مسوڵمان و لە دایک و باوکێکی مسوڵمان هاتومەتە دونیاوە و لەسەر هەمان باوەڕم. هیچ کۆمەڵگایەکیش نییە بە بێ کێشە و کوشتن و دزی و تاوان، بۆیە باوەڕم وایە ئیسلام بەرییە لە توندوتیژی. ئەوەی هەیە دەدرێتە پاڵی کە ئەم توێژەی بانگخواز و خاوەن سەکۆکان لێی بەرپرسن. ئەمەوێت ئەوەش بڵێم من مرۆڤێکی واقع بینم، هەموو بەرزی و نزمییەکم قبوڵە و باوەڕم بە فرە ڕەنگی و جیاوازی ئایدۆلۆژی و دەنگ و ڕەنگی جیاوازە لە چوارچێوەی پێکەوەژیان و پاراستنی سنورەکانی یەکدیدا، بایی ئەوەش تێگەیشتوم ئێرە زەوییە، هەروابووە و هەر ئاواش بەردەوام دەبێت، بۆیە نەهاتوم بڵێم با تاوان نەهێڵین، بەڵکو دەمەوێت مرۆڤبین، خۆمان ڕادەستی قەدەر نەکەین، درک بە هۆکارەکانی بکەین و تاوان لە دیاردەبوونەوە بکەینەوە بە حاڵەت وەک هەر کۆمەڵگایەکی ئاسایی.
ڕونکردنەوەی دووەمم پێناسەیەکی کورتی هەڵچونەکانە.
هەڵچوون چیە؟
مرۆڤ لە هەر تەمەنێکدا بێت هەڵچون وەک ئەندامێکی جەستەی بەشێکە لە دەرونی. ئەوەی وادەکات زۆر بە ڕونی هەڵچونی تێدا بناسرێتەوە کۆنترۆڵکردنە، ئەمەش پەیوەندی بە تێگەشتن و زانینی کەسەکەوە هەیە. ئەگونجێت مرۆڤێک 50 ساڵی تەمەنبێت بەڵام لە ڕوی هەڵچونییەوە هێشتا هەرزەکار بێت، کە ئەمە حاڵەتە. ئەوەی دیاردەیە لە ناو هەرزەکاراندایە، لە تەمەنێکی دیاریکراودا مرۆڤ ناتوانێت بە باشی هەڵچونەکانی کۆنترۆڵ بکات.
بەکورتی دەتوانین بڵێین هەڵچون: بریتییە لە حاڵەتێکی دەرونی، لە هەرزەکاراندا بە ڕونی دەردەکەوێت. قۆناغی هەرزەکاری قۆناغێکە مرۆڤ تیایدا ناتوانێت هەستەکانی بەتەواوی کۆنترۆڵبکات. بەگشتی لە دیاردە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و فکرو ئایدۆلۆژیاکان بەتەواوەتی تێناگات. کوردەواری وتەنی لە هەندێک دۆخدا "ڕاست و چەپ جیاناکاتەوە". دەربڕینەکانی دروست و قوڵ و لۆژیکی و ئارامگرانە نین. زۆرجار هەرزەکار تێیدا بێئارام و دڵپڕ و گۆشەگیر دەردەکەوێت و ناوبەناو توندوتیژانە هەڵسوکەوت دەکات و دەیەوێت بەشداربێت لە کاری گەورەکاندا و کاری گەورە ئەنجام بدات.
بەگشتی کۆمەڵێک گۆڕانکاری ناوەکی و دەرەکی، واتە جەستەیی و دەرونی لە تاکی هەرزەکاردا ڕودەدات، کە توندوتیژی سیفاتێکیانە بە پاڵ بێتاقەتی و دڵپڕی و گۆشەگیری و گرژبونی ماسولکە و فراوانبوونی بیلبیلەی چاو و ترس و دڵەڕاوکێ و چەندین نیشانەی تر...
باسەکەی ئێمە لەسەر نیشانەی توندوتیژییە بە کاریگەر بوون بە ئایدۆلۆژیای باوی کۆمەڵگا کە ئیسلامە، بە دیاریکراوی ئیسلامی سیاسی. کاریگەربوون بە گەورەکانی ئەم ڕەوتە و پابەندبوون بە وتەی بانگخوازەکانەوە، یەکێکە لە دیارترین دەرهاویشتەکان کە لە چوارچێوەی توندوتیژیدا خۆی دەنوێنێت، کە لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا کەمینەیەکی عەلمانی توندڕەو و زۆرینەیەکی ئیسلامی توندڕەو لێی بەرپرسن. ئەم بەناو شەڕی ڕەحمان و شەیتانە، جۆرێک لە مرۆڤی توندڕەوی لە ناو عەلمانی و ئیسلامییەکاندا دروست کردووە، کە لە ئیسلامییەکاندا زەقترە و لە ناو ئیسلامییەکانیشدا زیاتر لە بەرگی سەلەفیەتدان. ئەوەشمان لە یاد نەچێت، هەروەک سەرەتا وتم، فەرامۆشکردنی پەروەردە هۆکارە سەرەکیەکەیە، کە ئەمە باسێکیترە.
ئەم کەیسەی خواناس کە من باوەڕم وایە بکوژ و کوژراو هەردووکیان وەک یەک قوربانین، تەنها لێرەدا بە بەراورد بە تاوانەکانی تری کوشتن یەک جیاوازی هەیە، ئەویش ئەوەیە: تەنها کەسێک بکوژی خواناس نییە، بەڵکو هەزاران کەس بەشدارن لە کوشتنی خواناسدا.
چۆن؟؟
لە کاتێکدا دەیەها سەکۆ و میدیا و مزگەوت بۆ دەیان بەناو پیاوانی ئاینی و مەلا و عەمامە بەسەر کراوەتەوە و، ئازادانە بەم ڕۆژگارە باس لە کوشتن و سزا و لێدان دەکەن و، حوکم بەسەر گەنجی داماوی کوردا دەدەن، یەکێ شەڕواڵەکەی پێ فشەکات، یەکێ پێی تەسک و کورت و تا کۆتایی، هەرکەسە و بە میزاجی و بەرژەوەندی خۆی شرۆڤە و شیکردنەوە بۆ ئاین دەکات. ئازادانە تەفکیر و لەملدان بەزاریاندا دێت..... ئیتر گێلێتییە تەنها کەسێک بە بکوژ بزانین، کاکە من دەیەها پۆست و کۆمێنتم بینیوە کە پشگیری لە بکوژ دەکەن!!!! زۆر بەسادەیی بچن کۆمێنت بخوێننەوە بزانن ئەم بەناو بانگخوازنە چ فکرێکی بۆگەنیان لەمێشکی هەرزەکاراندا چاندووە. بزانن هەرزەکار چ جۆرە هەڵچونێکی بۆ دروست بووە؟؟ شەڕ و ململانێکانیان لەسەر چیه؟؟ بەراوردیکەن بە هەڵچونەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو، ململانێ و نائارامی و هەڵچونەکانیان لە پێناو بەختەوەری و ژیاندۆستی و زانستدایە نەک ئایدۆلۆژیا، "تێپەڕاندنی ئایدۆلۆژیای دینیش غەمی خۆی هەیە".
کاکە کاتی ئەوەیە واز لەو شێوازی ئینسانیەتە بهێنن کە بەزەیتان بۆ تاوانبار زیاتر بێت لە قوربانی. ئەوەی کەسێکی کوشت بیکوژنەوە. پەتێک هەڵخەن لە سەرای سلێمانی، بکوژ دەبێت بکوژرێتەوە، من باوەڕم بە دوو ڕێگایە:
1-پەروەردە.
2ـیاسا.
واتە تا 18 ساڵی پەروەردەی بکە، لە 18 تا مردن یاسا... یاسا... یاسا.
لەو 18 ساڵەدا بوو بە مرۆڤ وەلسەلام، نەبوو سزای بدە.
خۆزگە میدیا و مەلاکانمان دروستتر و بەرپرسانەتر مامەڵەیان دەکرد. خۆزگ دادگا و یاساکانمان توندتر و دادوەرانەتر دەبوون. خۆزگە پەرەردە و مامۆستاکانمان ژیرتر و دامەزراوتر و دەستەجەمعیتر دەبوون. خۆزگە خواناسەکان بەدەستی خوانەناسەکان نەدەکوژران. ئازا و ئازادەکان نەدەبوونە کۆیلە و، زانکۆ و زانستخوازەکانمان وردتر پەیامەکانیان دەگەیاند.
بۆ زانیاری:ـ
تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی هاوسەنگ لە ڕوی هەڵچونییەوە:
1. توانای کۆنترۆڵکردنی هەستی توڕەیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی بە بێ توندوتیژی هەیە.
2. دوورکەوتنەوە لە خۆویستی و بە قووڵی هەست بە گرنگیی کەسانی تریش دەکات لە چواردەوری.
3. ڕای جیاواز و ڕەنگی جیاوازی قبوڵە و قەڵس نابێت بە کەسێک کە هەمان ڕای ئەوی نییە.
4. لەکاتی بوونی کێشە و بەربەست هەوڵ دەدات "دروست بیردەکاتەوە و دروست بڕیار دەدات" ڕاوێژ دەکات و خێرا قەرار نادات.
5. توانای بەرگەگرتنی شکستی هەیە و بارودۆخی ژیانی قبوڵ دەکات.