جارێکی دیکە ڕووداوی هاوشێوەی کەوتنەخوارەوە لە شاخ ڕوویداو و کەسێکی دیکەش گیانیلەدەستدا

١٩ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی سەرسنگ ڕایگەیاند، هاوڵاتیەک لە شاخی بەرێ گارەی کەوتووەتە خوارەوە و گیانیلەدەستدا.

عەشقی محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی سەرسنگی سە بە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، “کەسوکاری هاوڵاتییەکە پەیوەندییان پێوەکردین، کە لە بەیانییەوە رۆیشتووەتە شاخ و بێسەروشوێنە و وەڵامی پەیوەندییەکانی نەداوەتەوە. دوای لێگەڕان و بەدواداچوون پۆلیس بە هاوکاریی هاوڵاتیان، لە شاخی بەرێ گارەی دۆزرایەوە و گیانی لەدەستداوە”

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێستا پۆلیسەکانمان تەرمەکە لە شاخەوە دێننە خوارەوە و رەوانەی پزیشکی دادی ئامێدی دەکەن”.

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ هەینی لە قەزای ماوەتی سەربە پارێزگای سلێمانی گەنجێک لە شاخ هەڵدێرا و گیانیلەدەستدا و لە ئەنجامدا ئەمڕۆ دوو ڕووداوی هاوشێوەی کەوتنەخوارەوە لە شاخ لە شوێنی جیا جیا ڕوویاندا.