ڕێباز حەملان: بەغدا هیچ مانگێک مووچەی لە کاتی خۆیدا نەناردووە

١٢ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، “هیچ مانگێک بەغدا مووچەی لە کاتی خۆیدا نەناردووە و یەکێک لە مانگەکان بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەشکراوە”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-1-2025، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: “حکوومەتی عێراق دەیەوێت وەک وەزارەتێک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، ئەوان نایانەوێت وەک هەرێمێک مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، ساڵی 2024، تەنیا بەشی 10 مانگی مووچەی هاوڵاتییانی هەرێمی ناردووە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “هیچ مانگێک بەغدا مووچەی لە کاتی خۆیدا نەناردووە، تەنانەت یەکێک لە مانگەکان بە داهاتی ناوخۆ مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە، هەر بڕیارێک دادگای فیدڕاڵی دەریبکات، لە بەرژەوەندی هەرێمەکە بێت، بەغدا پابەندی نابێت”.

باسی لەوەشکرد: “لە کۆبوونەوەی دوێنی شەممە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە پێویستە نوێنەرانی کورد، پێشینەی کارەکانیان بەرگریکردن بێت لە ماف و شایستە داراییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “پاساوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە شوێنی خۆیدا نین”.