ئەمریکا: هێرشمانکردە سەر ژمارەیەک پێگەی حووسییەکانی یەمەن

١٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، رۆژی شەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک پێگەی حووسییەکانی یەمەن.

بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئەو شوێنانەی بۆردوومانکراون کۆگای "چەکی پێشکەوتوو"ـی حووسییەکان بوون، کە لە هێرشکردنە سەر کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا بەکارهێنراون.

هاوکات کەناڵی تایبەتی حووسییەکانیش، هەواڵی سێ هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و بەریتانیای بۆ سەر ناوچەی سەبعین لە باشووری سەنعای پایتەختی یەمەن پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "شایەتحاڵەکان وتیان لە چەند ناوچەیەکی سەنعای پایتەخت گوێیان لە دەنگی بەرزی فڕۆکە و گرمەی گەورە بووە".

لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، ئەمریکا و بەریتانیا چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر پێگەی حووسییەکان، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشی گرووپە چەکدارەکە بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. حووسییەکانیش دەڵێن، بۆ پشتیوانیکردن لە کەرتی غەززە، هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.