لە یارییەکی تۆپی پێدا؛ گرژی لەنێوان هاندەرە ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکاندا دروستبوو و قوربانی هەیە

٩ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی دەرەوەی ئيسرائيل رايگەياند، بەهۆی دروستبوونی گرژی و پێکدادان لە نێوان هاندەرانی فەڵەستينی و ئيسرائيلی لە شاری ئەمستردامی هۆڵەندا، 10 هاوڵاتیى ئيسرائيلی برينداربوون و دوو کەسيش بێسەروشوێنن.

وەزارەتی دەرەوەی ئيسرائيل لە راگەیەندراوێکدا زانیاریی لەبارەی ئەو گرژییەی شەوی رابردوو لە یارییەکی تۆپی پێدا لە هۆڵەندا لەنێوان هاندەرە ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکاندا دروستبوو، بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، رووداوەکە دوای يارييەکی نێوان يانەی ئەياکس ئەمستردام و ماکابی تەلئەڤيڤ روویداوە کە بە بردنەوەی ئەياکس کۆتاییهات.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێن، دۆخەکە لە ئەمستردام هێوربووەتەوە، پێویستە ئیسرائیلییەکان لە ئەمستردام نەيەنە دەرەوە و لە ژووری هۆتێلەکاندا بمێننەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، بێنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە دوو فڕۆکە رەوانەی هۆڵەندا بکرێت بۆ ئەوەی هاندەرە ئيسرائيلييەکان بگەڕێننەوە.

بەپێی زانیاریی میدیا جیهانییەکان، بەهۆی گرژییەکەوە 10 هاوڵاتیى ئيسرائيلی برينداربوون و دوو کەسيش بێسەروشوێنن؛ لەو بارەیەشەوە نووسینگەی ناتانیاهو دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە حکومەتی هۆڵەندا کردووە بەخێرایی هەنگاو بنێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی ئیسرائیلییەکان لەسەر خاکەکەی.